زیندانی ورمێ؛ فاتمە دادوەند بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

22:42 - 13 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، "فاتمە دادوەند"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر کرابوو و حوکمی زیندانی بەسەردا سەپابوو، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، ئەو هاووڵاتییە بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٩٩، فاتمە دادوەند، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە دوو دۆسیەی جیاجیادا، لە دادگای کەیفەریی بۆکان و مەهاباد بە ٥ ساڵ و ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی، مەحکووم کرابوو.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١٠٣ دادگای ئینقلابی کەیفەریی ٢ی بۆکان، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەهدی تەقی‌زادە"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئاژاوەنانەوە و کەشفی حیجاب" دادگایی و لەو دادگایەدا، لە تۆمەتی‌ وەپاڵداروی "کەشفی حیجاب" بێتاوان ناسرا و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی، مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی٩٩، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات"، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" دادگایی و سەرەتای مانگی پووشپەڕی ٩٩، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیرییەکی بە پارێزەرە دیاری کراوەکەی ڕاگەیاندرابوو.

حوکمی ٥ ساڵ زیندانی ناوبراو پاش "تسلیم بە رای" بۆ ٤٥ مانگ زیندان، کەم کرابووەوە.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لەمەڕ گرانیی بێنزین دەسبەسەر کرابوو و بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕووحیدا بوو و پاش چەند ڕۆژ، دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ لە شەبەکە ٢ی دەنگوڕەنگی حکوومەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٩٩، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

فاتمە دادوەند، تەمەن ٤٣ ساڵ، کچی دەروێش و خاوەن سێ منداڵە.