زیندانی ورمێ؛ شاکر بێهرووزی پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە مانی گرتووە

11:27 - 24 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردان، شاکر بێهرووزی زیندانیی سیاسیی کورد و مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادڕەسییەکەی و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی لە دیوانی باڵای وڵات، دەستی داوەتە مانگرتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "حوکمی ئێعدامی شاکر بێهرووزی لە دیوانی باڵی وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندراوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش بڕیاری دیوانی باڵای وڵات ڕەوانەی ئیجرای ئەحکامی ئینقلابی ورمێ کراوە".

پاش سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی، کەسانی متمانەپێکراوی گوندەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە نامەیەکدا داویان لە بەرپرسانی قەزایی کردووە کە لە ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە خۆش بن.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە: "شاکر بێهرووزی لە گوندی دزە و ناوچەکە لەگەڵ هیچ کەس لە دانیشتووان کێشەی نەبووە و نە کەسێکی ئاژاوەگێڕ بووە و نە گەندەڵ بووە و ئێمە ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ناوبراو ڕەت دەکەینەوە".

بەپێی دادنامەکانی دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە هاتووە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٩٩، لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، شاکر بێهرووزی لە دۆسییەیەکی نوێدا، بە "تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" بە پشتبەستن بە مادەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩، ٤٣٦. یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەتی ئیلاهی ١٧٨ و ١٧٩، لە سوورەی موبارەکەی "بەقەرە" بە ئێعدام لە ڕێگای لە "داردان" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کراوە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدامه کە بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی گوندی "دزەی" ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسەپێ و پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام، مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ڕیکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ٩٩، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە بوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی ٩٩ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دادگایی کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٩٩ سەپاندنی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

مانگی خاکەلێوەی ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شیخلوو" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.