زیندانی ورمێ؛ شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام بەردەوامە لە مانگرتنی

15:55 - 3 سەرماوەز 2721

شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەرەوە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر گوشارهێنانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر سکاڵاکەرانی دۆسیەی ناوبراو بە مەبەستی نەدانی ڕەزایەت مانگی گرتووە، هەروا لە مانگرتنی بەردەوامە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوشاریان بۆ سکاڵاکەرانی دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە هێناوە و هەڕەشەیان لێیان کردووە کە ڕەزایەت بە شاکر بێهرووزی نەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردان، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادڕەسی و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو، لە دیوانی باڵای وڵات مانی گرتووە.

دۆسیەی شاکر بێهرووزی پاش دەرچوونی حوکمی دیوانی باڵای وڵات، ڕەوانەی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە.

پاش دەرچوونی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە، کەسایەتییە باوەڕپێکراوەکانی گوندەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی قەزایی، خوازیاری لێخۆشبوونی شاکر بێهرووزی بوونە.  

لە نامەی شایەتدانی خەڵکی مەرگەوەڕدا داهاتووە: شاکر بێهرووزی لە گوندی دزە و ناوچەکەدا لەگەڵ خەڵکدا، هیچ کێشەیەکی نەبووە و نە کەسێکی خراپکار و نە کەسێکی گەندەڵ بووە و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ناوبراو بە ناپەسەند و نەشیاو دەزانین".

بەپێی ئەو دادنامەیە کە لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامەدا هاتووە و بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، شاکر بێهرووزی لە دۆسییەیەکی نوێدا، بە "تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" بە پشتبەستن بە مادەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩، ٤٣٦. یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەتی ئیلاهی ١٧٨ و ١٧٩، لە سوورەی موبارەکەی "بەقەرە" بە ئێعدام لە ڕێگای لە "داردان" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کراوە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدامه کە بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی گوندی "دزەی" ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسەپێ و پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام، مەحکووم کرابوو.

شاکر بێهرووزی لە گرتووخانەی ورمێ ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، بۆ دادگاییکردن بانگهێشتی لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ کرابوو و ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوە دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ئامادەبوونی خۆی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چووه.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دزە ئامادەن لە دادگا شایەتی بدەن کە شاکر بێهرووزی لە کاتی ئەو ڕووداوە لە دووکانێکی ئەو گوندە بووە، بەڵام دادگا پێشی بە ئامادەبوونی ئەوان گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانپێنانی زۆرەملێیان لەو زیندانییە کوردە، وەرگرتووە.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا".

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.