زیندانی ورمێ؛ شاکر بێهرووزی زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

19:30 - 8 پووشپەڕ 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی پووشپەڕ، "شاکر بێهرووزی" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، بەرپرسانی زیندان کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ براکەی لە بەندی زیندانییانی سیاسی بردووەتە دەرەوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

 دیوانی باڵای وڵات داخوازیی ئیعادەی دادڕەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامەی ڕەت کردووە و حوکمی لەسێدارەدانەکەی وەک خۆی ماوەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ حوکمی کۆتایی دیوانی باڵای وڵات بە شاکر بێهرووزی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگەیەندرا.

شاکر بێهرووزی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠،  لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر گوشارهێنانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر سکاڵاکەرانی دۆسیەکەی بە مەبەستی نەدانی ڕەزایەت بە ناوبراو مانی گرتبوو و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، لەسەر بەڵێنیی بەرپرس و دادوەری چاودێری زیندانی ورمێ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردان ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادڕەسی و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو، لە دیوانی باڵای وڵات مانی گرتبوو.

دۆسیەی شاکر بێهرووزی پاش دەرچوونی حوکمی دیوانی باڵای وڵات ڕەوانەی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

پاش دەرچوونی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە، کەسایەتییە باوەڕپێکراوەکانی گوندەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی دەزگای داد، خوازیاری لێخۆشبوونی شاکر بێهرووزی بوون.

لە نامەی شایەتدانی خەڵکی مەرگەوەڕدا هاتووە: "شاکر بێهرووزی لە گوندی دزە و ناوچەکەدا لەگەڵ خەڵکدا هیچ کێشەیەکی نەبووە و نە کەسێکی خراپکار و نە کەسێکی گەندەڵ بووە و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ناوبراو بە ناپەسەند و نەشیاو دەزانین".

بەپێی ئەو دادنامەیە کە لە دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامەدا هاتووە و بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز ١٣٩٩، لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، شاکر بێهرووزی لە دۆسیەیەکی نوێدا، بە "تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" بە پشتبەستن بە مادەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩، ٤٣٦، یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەتی ئیلاهیی ١٧٨ و ١٧٩، لە سوورەی موبارەکەی "بەقەرە" بە ئێعدام لە ڕێگای لە "داردان" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کراوە.

١٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دزە ئامادە بوون لە دادگا شایەتی بدەن کە شاکر بێهرووزی لە کاتی ئەو ڕووداوە لە دووکانێکی ئەو گوندە بووە، بەڵام دادگا پێشی بە ئامادەبوونی ئەوان گرتووە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدامه کە بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی گوندی "دزەی" ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسەپێ و پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام، مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانپێنانی زۆرەملێیان لەو زیندانییە کوردە، وەرگرتووە.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩ بەڕێوە چوو و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان ١٣٩٩، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا".

مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.