زیندانی ورمێ؛ سەعید سەنگەر پاش ٢١ ساڵ زیندان ئازاد کرا

22:34 - 8 خەزەڵوەر 2721

ئەمڕۆ شەممە ٨ی خەزەڵوەر، سەعید سەنگەر، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی پیرانشار پاش ٢١ ساڵ زیندان، بە ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی هێزی دادوەری (قوەی قەزاییە)، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی زیندانییەکەیدا لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

سەعید سەنگەر، زیندانیی سیاسی، لەدایکبووی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوییە. ناوبراو ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ دەسبەسەر کراوە بەڵام لە دۆسیەکەیدا، ٨ی خەزەڵوەری ١٣٧٩ وەکوو ڕێکەوتی دەسبەسەرکرانی دیاری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٧٩ لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "فاتمی"، لەبارەی تۆمەتی "محاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق"، بە ئێعدام مەحکووم کرا. سەعید سەنگەر پاشان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرا و هەتا ساڵی ٨٢ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا. لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە ڕەوتی پێداچوونەوەدا، حوکمی ناوبراو یەک پلە داشکانی بۆ کرا و بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و لە ئاکامدا بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

حوکمی هەتاهەتایی ئەو زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ٩٥، لەلایەن لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی سنە، بۆ ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ساڵی ٩٥، حوکمی ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای سنەوە دەرکرابوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگریی لە ئازادکردنی ناوبراو کرد و سەعید سەنگەر بەبێ ئیزنی مورەخەسی لە زیندانی ورمێ لە حاڵی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بە شێوەی ئانلاین دادگایی کرا و ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری هەمان ساڵ، پاش ئامادەبوونی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ١١ مانگ زیندان بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لەنێو زینداندا لە ڕاستای بەرژەوەندیی گرووپەکانی دژبەری نیزام بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی ئەندامبوون لە موجاهدینی خەلق"، یازدە مانگ زیندانی بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپاند.

حوکمی ١١ مانگ زیندانی سەعید سەنگەر، بە (تسلیم بە رای) بۆ ٩ مانگ زیندان کەم کرایەوە و لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٤٢ی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری، ٢ مانگ لە ١١ مانگ زیندانی ئەو زیندانییە سیاسییەی کەم کردبووەوە.

پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی سەعید سەنگەر لە دیوانی باڵای وڵاتەوە، ناوبراو بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا.

حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی ناوبراو، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش پێشێلکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی لقی هاوتەریب کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە هێزەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا و حوکمی ١٥ ساڵ زیندان، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بۆ ناوبراو بڕایەوە و لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٩٩، ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەندرا.

سەعید سەنگەر ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی بەغی و موجاهدینی خەلق" لە لقی ٢ی دادگای ئیقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلی شێخلوو" بانگهشێت کرا و لەو کۆبوونەوەیە سەرەڕای ڕاگواستنی ناوبراو لە زیندانەوە بۆ دادگا، بەهۆی ئامادە نەبوونی پاڕێزەرەکەی لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەو دادگایە بەڕێوە نەچووبوو.

رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ بۆ لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش لێپرسینەوە، تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە. سەعید سەنگەر لەو دادگاییەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان" لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ٩٦دا دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دژی ناوبراو دروست کرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، نەیانتوانی سزایەکی نوێ بۆ ئەو زیندانییە دیاری بکەن.