زیندانی ورمێ؛ ساکار عەینی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

17:55 - 25 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، تاقیکاریی کۆرۆنای ساکار عەینی، چالاکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەهاباد، لە دابڕگەی زیندانی ورمێ، ئەرێنی دەرچووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ساکار عەینی وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "پاش ڕاگەیاندنی ئەرێنی‌بوونی تاقیکاریی کۆرۆنای ئەو چالاکە کوردە، ناوبراو بۆ یەکێک لە ژوورەکانی تاکەکەسیی بەندی ئەمنیی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزراوە".

ڕۆژی شێشەممە ١١ی جۆزەردان، ئەو هاووڵاتییە پاش نزیک بە ٥ مانگ لە دەسبەسەری، لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، ساکار عەینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.