زیندانی ورمێ؛ خالید فەرەیدوونی پاش ٢١ ساڵ ئیزنی مەرەخەسی پێدرا

16:39 - 28 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار، خالید فەرەیدوونی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٢١ ساڵ زیندانی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ئەوە یەکەم جار دێتە مەرەخەسی.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور١٠ی خەرمانانی ساڵی ٧٩، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئێعدام و ئەو حوکمەش ساڵی ٨٤، لە دادگای پێداچوونەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

 ئەو دوو زیندانییه سیاسییە ساڵی ٨٣، لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد بۆ ورمێ ڕاگوێران و ساڵی ٨٦یش بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دوورخرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە پاش ١٠ ساڵ دوورخراوەیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، مانگی خەزڵوەری ساڵی ٩٦، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگویزران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، عومەر فەقێ پوور، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان پاش ٢١ ساڵ بەپێی بەخشنامەی نوێی لێخۆشبوون و ڕاگەیاندنی ئازادیی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.