زیندانی ورمێ؛ ئاران تیباش هاتە مەرەخەسی

11:41 - 13 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕ، ئاران (مەجید) تیباش، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی "دزەی مەرگەوەڕ" لە زیندانی ورمێ هاتە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە ماەوی زیندانیبوونیدا ئەمە بۆ یەکەمجارە کە هاتووەتە مەرەخەسی و پێشتر دادوەری چاوەدێری زیندانی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ناوبراو دژایەتیی کردبوو.

هەروەها پێشتر، لقی ٩ی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتی کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن مەئموورانی دەزگای قەزایی دەسبەسەر و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، ئەو لاوە کوردە لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی "نەجەفی"، دادگایی کرا و بە تۆمەتی "ئەندامبوون و پڕۆپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

پاش ناڕەزایەتی‌دەربڕینی ناوبراو سەبارەت بە دادگای سەرەتایی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ٤ ساڵ زیندان کەم کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، "مەجید تیباش"، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و پاشان دەسبەسەر کرابوو.

 ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربۆردیی ورمێ، بەهۆی ئەوەیکە لەسەر لەپتابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشانی دابوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرابوو.