زیندانی و دادگایی کردنی چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە

17:29 - 19 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٣ کەس لە چالاکانی کڕیکاریی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە هەرکام بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی رۆژانی ١١، ١٢ و ١٥ی پووشپەڕدا سێ کەس لە چالاکانی کرێکاری بەناوەکانی \"وەفا قادری، بێهزاد فەرەجوڵڵاهی و خالید حوسێنی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئیقلابی شاری سنەوە هەر کام حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری\"یان بۆ بڕایەوە.

\"13842.jpg\"
بێهزاد فەرەجوڵڵاهی،خالید حوسێنی،وەفا قادری
دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو ٣ چالاکەی \"تەبلیغات بەدژی نیزام\" راگەیاندووە کە بەبێ ئامادە بوونی خۆیان لە دادگا ئەو حوکمەیان بۆ بڕاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە \"غالب حوسێنی\" چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە دادگایی کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا \"حامید مەحموودی نژاد\" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە ئاگادار کراوەتەوە کە رۆژانی ٢٢ی پووشپەڕ و ٢ی مانگی گەڵاوێژ خۆی بە لقی ١ی ئەو دادگایە بناسێنێت.

هەروەها \"جەمیل محەممەدی\" چالاکی کرێکاریی کورد کە رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، پاش ٢ مانگ لە دەستبەسەری سەرئەنجام رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.