زیندانی نەغەدە؛ ٥ هاووڵاتیی پیرانشاری بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:14 - 26 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یووسف عومەرپوور"،"موراد مامەڕەش"،"ڕەحمان خزمەتگوزار"،"عەلی عومەرپوور" و "فەریاد شیلان" خەڵکی شاری پیرانشار بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، یووسف عومەرپوور خەڵکی گوندی "چیانە"ی شاری پیرانشار، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، موراد مامەڕەش، ڕەحمان خزمەتگوزار، عەلی عومەرپوور و فەریاد شیلان خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: یووسف عومەرپوور، عەلی عومەرپوور، فەریاد شیلان، ڕەحمان خزمەتگوزار و موراد مامەڕەش