زیندانی نەغەدە؛ موراد مورادی و شەفیع محەممەدنژاد هاتنە مورەخەسی

12:07 - 13 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "موراد مورادی" و "شەفیع محەممەدنژاد" خەڵکی پیرانشار لە زیندانی نەغەدە هاتنە مورەخەسی.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان ١٤٠٠، موراد مورادی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پووشپەڕی ساڵی ٩٩، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕیانی "جەڵدیان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٢٠ ڕۆژ لە گرتنگە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

موراد مورادی پاییزی ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک، زیندانی تەعزیریی مەحکووم و دواتر ئەو حوکمە بۆ دوو ساڵ و دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ کەم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، شەفیع محەممەدنژاد بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

شەفیع محەممەدنژاد، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.