زیندانی ناوەندیی ورمێ‌/ دوو زیندانیی سیاسیی كورد مانیان لە خواردن گرت

18:46 - 17 سەرماوەز 2711
كوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی كورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ‌، لە ئیعتراز بە گواستنەوەیان بۆ بەندی لاوانی ئەو زیندانە مانیان لە خواردن گرتووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی موكریان بڵاوی كردەوە، سەرلە بەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی سەرماوەز دوو زیندانیی سیاسی خەڵكی شاری خۆی بەناوەكانی: ناسر جەعفەری و ئیبراهیم كەچەڵان لوو لە ئیعتراز بە گواستنەوەیان بۆ بەندی لاوانی زیندانی ورمێ‌، مانیان لە خواردن گرتووە.

ناسر جەعفەری بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە یەك ساڵ و هەروەها \"ئیبراهیم كەچەڵان لوو\"ش، بە تاوانی چالاكانی لە راستای بەرژەوەندیی حیزبێكی دژبەری حكوومەتی ئێران بە 6 مانگ زیندان مەحكووم كراون.

بەپێی دوایین زانیارییەكان ئەو دوو زیندانیە سیاسیە كوردە پاش مانگرتنیان لە خواردن، بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ‌ راگوێزراون.