زیندانی مەریوان؛ دیاکۆ بالکی هاتە مەرەخەسی

10:31 - 24 جۆزەردان 2721

ڕۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردان، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "دیاکۆ بالکی"، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی حەسەن و خەڵکی مەریوان لە زیندانی ئەو شارە هاتە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە، کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی ماوەی لیپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دیاکۆ بالکی ساڵی ٩٩، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری دادگا، بۆ ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و لە دادگای پێداچوونەوی سنەدا بۆ ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرابوو و ناوبراو مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.

هەروەها ئەو زیندانییە سیاسییە نەورۆزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوان بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و پاش تێپەڕاندنی ئەو حوکمە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.