زیندانی مەریوان؛ تەحسین دادڕەس ئازاد کرا

11:27 - 14 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی جۆزەردان، تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیایی کورد خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازادیی ئەو زیندانییە سیاسییە لەدوای لێخۆشبوونی هێزی دادوەری (قوە قضاییە) بووە.

ڕۆژی شەممە ۱٨ی بانەمەڕ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هاتبووە مەرەخەسی.

تەحسین دادڕەس، ڕۆژی شەممە ۲٨ی خاکەلێوە، پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕابووەوە بۆ زیندانی مەریوان.

ناوبراو، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ۹۹، بۆ یەکەم جار، هاتبووەوە مەرەخەسی کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ۹۹، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، مەرەخەسیی ناوبراوی هەڵوەشاندبووەوە.

 تەحسین دادڕەس، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ۹۹، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ۹۹، دووبارە لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەوەیکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.

شەوی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.