٧ زیندانی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دران

11:51 - 4 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، حوکمی لەسێدارەدانی ٧ زیندانییان لەو زیندانەدا جێبەجێ کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ٦ کەس لەو ٧ زیندانییە ئێعدامکراوەی بەم چەشنە ڕاگەیاندووە: "موحسێن ڕەزاییان، عەلی ڕەزا ئاریایی، حەمید ڕەزا ئەسغەرپوور ماسوولە، مستەفا قەیاسوەند، مەهدی عاسمی و ئانا دەری بابایی".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، "موحسێن ڕەزاییان" پێش لە دەسبەسەرکرانی بەهۆی کارەباگرتووییەوە دەست و لاقێکی لەدەست دابوو و هەروەها "ئانا دەری بابایی" ماوەی ٢٨ ساڵ زیندانی بووە.

ئەو ٧ زیندانییە بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

هەروەها لە ماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شایان سەعیدپوور، لوقمان ئەحمەدپوور و سینا محەممەدی" لە زیندانەکانی سنە و سەقز، لەسێدارە دران.