١٧٠ زیندانی لە زیندانی ورمێدا مانیان لە خواردن گرت

18:05 - 5 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی ڕەشەمە، ١٧٠ زیندانی لە بەندی ڕەواندەرمانیی ١ و ٢ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەو زیندانییانە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە پچڕاندنی ٢١ ڕۆژەی ئاو مانیان گرتووە و هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان بۆ دابینکردنی ئیمکاناتی خۆشبژێویی بەندی ڕەواندەرمانیی ١ و ٢ هیچ هەنگاوێکی بەکردەییان هەڵنەگرتووە.

ئاوی خواردنەوە لە ڕۆژدا بۆ بەندی ڕەواندەرمانیی ١ و ٢ لەلایەن چەند کەسێکەوە بە قاپ دابین دەکرێت.

زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ساڵی ٤٨ی هەتاوی دامەزراوە و ١٣ بەندی هەیە کە ناوەندی ئیدارەکردنی ئەو زیندانە ڕێکخراوی زیندانەکانی دەزگای دادوەرییە.