زیندانی سیاسیی کورد زەینەب بایزیدی لە زیندان ئازاد کرا

13:31 - 1 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: زەینەب بایزیدی چالاکی ژنان و ئەندامی کەمپەینی ١ میلیۆن واژۆ بۆ بەرابەری، پاش تێپەڕاندنی ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب بایزیدی جۆزەردانی ئەمساڵ پاش تەواو کردنی ماوەی ٤ ساڵ زیندانی لە شاری زەنجان، دۆسیەی ساڵی ١٣٧٤ کە ماوەی ٦ مانگ زیندانی هەڵپەسێراو بوو، کەوتە بواری جێبەجێ کردن و لە ئاکامدا لە زیندانی زەنجانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی مەراغە و دوێنێ سێشەممە دوای تێپەر کردنی سەرجەم ٤ ساڵ و ٦ مانگ حوکم لە زیندان ئازاد کرا.

رێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٨٧ تاوانەکانی وەک: پڕوپاگاندە بەدژی حکوومەت، ئەندامەتیی لە دایکانی ئاشتی (دەستەیەک لە دایکان کە لەم ساڵانەی دواییدا رۆڵەکانیان کوژراون)، پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئیسلامی ئێران بانگهێشتی دادگای شاری مەهاباد کرا و هەر لەوێ بە بڕیاری دادوەری لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە گوازرایەوە بۆ زیندان و دواتر لە رێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی هامان ساڵ حوکمی ٤ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زەنجانی پێ راگەیەنرا .

بەپێێ زانیارییەکان زەینەب بایزیدی لەماوەی حوکمەکەیدا لەلایەن لێپرسراوانی زیندان و ناوەندە قەزاییەکانەوە ئیزنی مەرەخەسیی پێنەدراوە.

پێشتر زەینەب بایزیدی ساڵی ٨٤ بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی شاری \"مەهاباد\"ەوە دەستبەسەر کرا و پاشان دادگای شۆڕش ٦ مانگ زیندانی هەلپەسێراو و دوور خرانەوە بۆ زیندانی مەراغەی بۆ بڕیەوە کە دواتر لە ساڵی ٨٧ دۆسیەکەی وەگەڕ کەوتەوە و ئەو ٦ مانگ حوکمە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.