زیندانی سنە؛ ئەمیر ڕەزایی و ئارەش ئەحمەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:36 - 5 خەرمانان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەمیر ڕەزایی"، کوڕی جەمیل و "ئارەش ئەحمەدی"، کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کراون.

ئازاد و ئارەش، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزران.

ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون.

هەروەها ئەمیر ڕەزایی مانگی بەفرانباری ٩٩، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراوان زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.