زیندانی سنە؛ مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:32 - 22 بەفرانبار 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار، مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" کوڕی دەروێش "ئەمین"، خەڵکی گوندی "لۆن" سەر بە شاری کامێران، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" پاش قسەکردن لە پرسە و سەرەخۆشیی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە لە سێدارە درا، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو مامۆستا کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.