زیندانی سنە؛ سوبحان مەولوودی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

11:19 - 3 خەرمانان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانان، هاوڵاتییەک بە ناوی "سوبحان مەولوودی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.

سوبحان مەولوودی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گەلاوێژ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ زیندانی سنە، ڕاگویزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

سوبحان مەولوودی بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە شاری هەولێر لە کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی خەریکی کار بووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.