زیندانی خەڵخاڵ؛ سەلاح شەریف‌‌زادە هاتە مەرەخەسی

10:03 - 20 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، "سەلاح شەریف‌زادە" زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی خەڵخاڵ هاتە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی خەڵخاڵ، بۆ ماوەی یەک حەوتوو هاتبووەوە مەرەخەسی و پاشان ماوەی مەرەخەسییەکەی درێژ کرابووەوە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەزەڵوەر، ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی مەرەخەسییەکەی گەڕابووەوە بۆ زیندانی خەڵخاڵ.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە زیندانی خەڵخاڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٧، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی خەڵخاڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ کرابوو.

سەلاح شەریف‌زادە، ١٤ی پووشپەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو ١٤ی بەفرانباری ٩٧، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

سەلاح شەریف‌زادە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی ٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ، پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە، ٤ی پووشپەڕی ١٣٧٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، بە تۆمەتی "محاربە و افساد فی‌الارض"، بە ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

سەلاح شەریف‌زادە، پاش ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو، چووبووەوە دەرەوەی ئێران.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە پووشپەڕی ساڵی ٩٧ و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی خەڵخاڵ ڕاگوێزرابوو.