زیندانی بۆکان؛ لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی سۆران شەریفی دژایەتی کرا

11:59 - 28 رەزبەر 2722

بەرپرسانی زیندانی بۆکان لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی سۆران شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد، دژایەتییان کرد.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە داوای مەرەخەسیی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئەو داواکارییەکان ڕەت کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەروو، ئەو زیندانییە سیاسییە لە بارودۆخێکی نالەبار دایە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکیی هەیە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ، بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ئیزنی مەرەخەسیی پێ درابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، گەڕابووە زیندان.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠، بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە(تجمیع)، ئەو زیندانییە دەبێت ٥ ساڵ لە ٧ ساڵ حوکمی داسپاوی زیندانییەکەی، تێپەڕ بکات.

سۆران شەریفی خاوەن دەرمانگای "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی داخستنی ئەو دەرمانگایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەرکردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.  ناوبراو مانگی پووشپەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی، هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەوانە مۆبایل، کامپیۆتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.