زیادبوونی فشاری ئیتلاعات بۆ سەر کوردەکانی ناوچەی سەڵماس بە بیانووی \"داعش\"

12:51 - 13 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی، ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی بە بیانووی ئەندامەتی لە داعشدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی رۆژانی ئەم حەفتەیەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی گەڕەکی ئیتسلام‌ئابادی سەڵماس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو هاووڵاتییانە لەبەرچاوی خەڵک و لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکان لە شاری سەڵماسەوە باس لەوە دەکەن، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئاشکرا دەستبەسەر کراوەکانیان بە ئەندامەتی لە داعش و هاوکاری لەگەڵ ئەو گرووپە تۆمەتبار کردووە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە ژمارەی ئەو دەستبەسەر کراوانە و هەروەها شوێنی راگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون؛ هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردانەدا، حیفازەت ئیتلاعاتی لەشکری ٦٤ی هێزی زەمینی ورمێ‌چوار سەربازی نێو پادگانی قوشچی‌، دەستبەسەر کردووە.

پێدەچێ، ئەو چوار سەربازە کوردەش تۆمەتی \"هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش\"یان درابێتە پاڵ، بەڵام هەتا ئێستا زانیارییەکی دروست لەو بارەیەوە لەبەر دەستدا نییە.

هاووڵاتییەکی کورد وێرای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەو جۆرە دەستبەسەر کردنانە، رایگەیاند: دوابەدوای رووداوەکانی ئەم دواییانەی عێراق و سووریا، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لەم ناوچەیە تۆمەتی لایەنگری لە داعشیان دراوەتە پاڵ و بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە و ئەمەش ترس و نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە.

نزیک بە تێکڕای کوردەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بەپێچەوانەی هاووڵاتییانی ئازەری، هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبن و هێزە ئیتلاعاتییەکان سوننی بوونی هاووڵاتییانی کورد وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی چالاکانی سیاسی بەکار دێنن.