زیادبوونی رێژەی پایگاە نیزامییەكان لە ناوچە سنوورییەكانی ورمێ‌و بریندار بوونی كۆڵبەرێكی كورد

14:59 - 7 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: زانیارییەكان دەربڕی ئەوەن ژمارەی بنكە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەناوچە سنوورییەكان زیادی كردووە و هەروەها كوڵبەرێكی كوردیش بەتەقەی هێزەكانی حكوومەتی ئێران بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەر لە بەیانی رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 5‌ی گەلاوێژ كۆمەڵێك لە كۆڵبەرانی ئاوایی \"سیلوانا\"بوونە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەك بەناوی فەرهاد كوڕی ئیسماعیل و خەڵكی \"سیلوانا\"ی سەر بە محالی دەشتی ورمێ‌بەتوندی بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە دوای چارەسەرێكی سەرەتایی رەوانەی ئاوایی سیلوانا كراوەتەوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەك لەبارەی تەندرووستی ئەو كۆڵبەرە لەبەر دەست‌دا نیە.

زیاد بوونی رێژەی بنكە نیزامییەكان لەناوچە سنوورییەكانی ورمێ‌

هەواڵنێری كوردپا لە ورمێەوە رایگەیاند، ماوەیەكە كە هێزە حكوومەتییەكان لە ناوچەكانی \" جیرمی و بیتكارە\" سەرقاڵی درووست كردنی چەندین بنكەی نیزامین.

لێپرسراوانی حكوومەتی ئامانج لە درووست كردنی ئەو بنكانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ پێشگری لە دزەی حیزبەكانی دژبەری نیزام بۆ ناو خاكی ئێران، بەڵام دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەو باوەڕەدان كە قوربانیانی سەرەكیی ئەو ئامانجە كاسبكاران و ئاژەڵدارانن.