زیادبوونی رفاندنی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران

15:42 - 8 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی سۆمای سەربە شاری ورمێ لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ تەرمی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵەی کورد بەناوی لوقمان کوڕی ته‌یموور و خەڵکی گوندی \"سیناوا\"ی سەربە ناوچەی سۆما، دوو رۆژ پێش ئیستا لەلایەن چەند راوچییەکەوە دۆزرایەوە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە کە لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە رفێندرابوو، سەرەڕای ئەوەی بە شریتێک خنکیندرابوو، بە سەندەڵیی ماشێنەکەیەوە بەسترابوویەوەو هاوکات سێ گولـلەشی لێدرابوو.

دەگوترێت ناوبراو کەلە شاری ورمێ شۆفیر تاکسی بووە بە ماشێنەکەی لە مەسیری مودەریس – ئیسلام‌ئاباد و کوشتارگا سەرقاڵی موسافیرکێشی بووە کە ٢٠ رۆژ پێش ئێستا رفێندرابوو.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی سیناوای سەربە ناوچەی سۆمای ورمێ سەرئەنجام ٢ رۆژ پێش ئێستا لەنزیک گوندی خەلیفان لە ١٥ کیلۆمیتریی ورمێ دۆزراوەتەوە.

لە رۆژانی رابردووشدا و لە شاری ئیلام ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی کورد رفێندرابوو کە لە ئەنجامدا ئەو ژنە رفێندراو کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

زیادبوونی حاڵەتەکانی رفاندنی هاووڵاتییان و کەمتەرخەمی پۆلیس لەمەر بە دواداچوون بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە.