زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری شارەداریی مەریوان ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

12:13 - 27 رەشەمه 2719

کرێکارانی فەزای سەوز و خاوێنکەرەوەکانی شارەداریی مەریوان کە زیاتر لە ١٠٠ کرێکار دەبن، ماوەی ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

ئەو کرێکارانە نەتەنیا پارەی ٥ مانگەیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو تەنانەت پارەی ئیزافەکاریشیان لەو ماوەیەدا پێ نەدراوە.

بە وتەی یەکێک لەو کرێکارانە، تەنانەت بەشێک لە ئیزافەکاری و جێژنانەی ساڵی ٩٨یش نەدراوە.

ئەو کرێکارە هەروەها وتی: "سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێمە بەردەوامین لەسەر کارەکەمان، بەڵام هێشتا پارە دواکەتووەکەمان، لە بەرەبەری هاتنی نەورۆز وەرنەگرتووە".

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، کرێکارانی شارەداریی سەقز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دواکەوتنی پارەی ئیزافەکاری و مانگانەیان، مانیان گرت.

کرێکارانی یەکەی خاوێنکردنەوەی شارەداریی سەقز، سەرەڕای پێنەدانی پارەی ١ مانگ و دواکەوتنی پارەی ئیزفەکاریی حەوت مانگیان لە سەروبەندی هاتنی نەورۆز، نیگەرانن.