زیاتر لە ٣ هەزار کەس بە هۆی بەکاربردنی ماددەی سڕکەر لە ئێران مردوون

21:37 - 3 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ٣هەزار و ١٩٠ کەس بە هۆی بە کاربردن و کێشانی ماددەی سڕکەر لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، گیانیان لە دەست داوە.

پزیشکی یاسایی ئێران بۆ ساڵی ڕابردوو (١٣٩٥)ی هەتاوی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە، گیان لە دەستداوانی ماددەی سڕکەر لە ساڵی ڕابردوودا، ٣هەزار ١٩٠ کەس بوون، کە لە کۆی گشتی ئەو ئامارە ٢هەزار ٨٤٧ پیاو ٣٤٣ ژن گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیە، لەو ماوەیەدا پارێزگاکانی تاران بە ٧٧٥ کەس، فارس ٢٥٤کەس، خۆراسانی ڕەزەوی بە ٢٤١کەس زۆرترین گیان لە دەستداویان بە هۆی ماددەی سڕکەرەوە بووە و پارێزگاکانی خۆراسانی جنووبی ٩ کەس، ئیلام ١٠ کەس و پارێزگای بووشهەر ١٧ کەس کەمترنیان بووە.

ئاماری گیان لە دەستداوانی ساڵی ٩٤ ی هەتاوی، ٣ هەزار ٧ کەس بوون.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها بە بەرئاورد کردنی ئاماری گیان لە دەستداوانی ساڵی ٩٤ بۆ ٩٥، لە ساڵی ڕابردوودا( ١٨٣) کەس زیاتر بووە.

پێشتریش یەكێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕوحانی لە وتووێژێکدا ڕاگەیاندبوو،
ڕۆژانە ١٠ کەس لە ئێران بە هۆی ماددەی هوشبەر گیان لەدەست دەدەن و هەروەها ڕۆژانە ٧٠ کەسی دیکە بە ئاماری تووشبووان بە ماددەی سڕکەر زیاد دەبن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تووشبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار میلیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا دەکەن.