زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ هێکتار لەوەڕگە و دارستانەکانی پارێزگای سنە لەنێو چوون

12:31 - 21 جۆزەردان 2721

سەعدی نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە، ڕایگەیاند: "هەزار و ٧٦٧ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی پارێزگای سنە، بەهۆی ئاگرکەتنەوە، لە سەرەتای ساڵی ٩٩ هەتا ئێستا، لەنێو چوونە".

نەقشبەندی هەروەها ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٩٩، بە گشتی هەزار و ٤٤٥ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی پارێزگای سنە لە ئاگردا، بوونەتە خۆڵەمێش".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای ئەمساڵدا، هەتا ئێستا ٣٢٢ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئەو پارێزگایە سووتان و لەنێو چوونە".

بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیاندراو لە ساڵی ٩٩دا، لەلایەن ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە، لە پانتایی ٢ ملیۆن و ٩٣٧ هەزار هێکتار لەو پارێزگایە، ١ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار هێکتاری لەوڕگە و دارستانەکان پێکی دێنێت، کە نزیک لە نیوەی دارستان و لەوەڕگەی ئەو پارێزگایە لەنێو چوونە.

میدیاکانی حکوومەتی و بەرپرسانی رێکخراوی پاراستنی دارستانەکان، زۆربەی کات قامکی تاوان بە دژی خەڵک درێژ دەکەن لە سووتانی دارستان و لەوڕگەکانی کوردستان، ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی کاتەکان سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان تۆپبارانی شاخەکان و دارستانەکانی کردووە و لە کۆتاییدا، بووە بەهۆی لەنێوچوون و ئاگرگرتنی لەوەڕگە و دارستانەکان.