زیاتر لە ٣ هەزار بنەماڵەی لێقەوماوانی بوومەلەزرەی سەرپێڵ زەهاو لە کانێکسدا ژیان بەسەر دەبەن

11:04 - 19 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەی شاری سەرپێڵ زەهاودا تێدەپەرێت، هێشتا ٣٢٠٠ بنەماڵەی خەڵکی ئەو شارە، لە کانێکسدا ژیان بەسەر دەبن.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەی شاری سەرپێڵ ‌زەهاو، سەر بە پارێزگای کرماشاندا تێدەپەرێت و هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەکانی ئەو شارە لە کانێکس و خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەوانێکی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هەتا ئێستا ٣٢٠٠ بنەماڵەی لێقەوماوی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو لە کانێکس و خێوەتدا دەژین. تەنیا ٦٠٠ کەس لەو بنەماڵانە بەپێی ئاماری خودی دەوڵەت لە مەسکەنی مێهردا دەژین".

ئەو ڕۆژنامەنووسە هەروەها باسی لەوە کرد، کاتێک لە شەقامی سەرەکیی شاری سەرپێڵ‌ زەهاو تێدەپەڕیت، زۆر شت ئاساییە، بەڵام دوور لە چاوی کامێراکان، بیناکان لە دەرەوەی شار بە نیوەکارەیی ماونەتەوە و تەنانەت بەشێک لەو ماڵانە بە تەلیس، پەتوو و قامیش دروست کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا باسی لە نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە کرد و وتی: بڕیار بوو کە ئەو بنەماڵانە بە شێوەی کاتی لەوێ بن هەتا خانووەکانیان بۆ چاک دەکەنەوە، بەڵام نزیک دوو ساڵە هێشتا خانووە دروستکراوەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانە بە نیوەچڵی ماوەتەوە و ڕاگیراوە.

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە بە پشتبەستن بە بەڵێنەکانی "بونیادی مەسکەن" بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە ڕووخاوەکان ڕایگەیاند: "بەرپرسانی بونیادی مەسکەن وتوویەتی کە کاری نۆژەنکردنەوەی خانووەکان هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی تەواو دەبێت، بەڵام بروکراسیی ئیداری و دۆسیەبازیی بانکەکان و ناوەندە پەیوەندییدارەکان، دانی وامەکان بە خەڵکی وەدوا خستووە".

سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەی شاری سەرپێڵ زەهاودا تێدەپەرێت، هێشتا ٣٢٠٠ بنەماڵەی خەڵکی ئەو شارە، لە کانێکسدا ژیان بەسەر دەبن. لە هەمان کاتدا پارێزگاری شاری کرماشان لە سەردانێکی یەک ڕۆژەدا بۆ شاری هەڵەبجە وتوویەتی، ئامادەی گواستنەوەی ئەزموونی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری لە کاتی هاتنی قەیران لە وڵاتانی دراوسێن.