زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی سەردەشت لە ئاگردا سووتا

14:53 - 12 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی سەردەشت، بوو بە نێچیری ئاگر.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاگری دارستانەکانی \"مەلا شێخ، شینوێ، بێزێلیـ\"ـی سەردەشت، دوای دوو ڕۆژ، لە لایەن هاووڵاتییان و ناوەندە مەدەنییەکانەوە، کۆنترۆڵ کرا.

بە وتەی ژینگەپارێزان، زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە سووتان و زۆرێک لە دار و ئاژەڵە کێوییەکانیش بوون بە قەقنەس.

ژینگەپارێزان ڕایانگەیاند: \"بەرپرسان دەیانەوێت قووڵیی ئەم کارەساتە بە کەم نیشان بدەن تا نابەرپرسیاریەتیی خۆیان بشارنەوە\".

دەوترێت کە وێڕای داواکاریی بەرپرسانی شاری سەردەشت، بەرپرسانی پارێزگای ورمێ، هیچ هەوڵێکیان بۆ ناردنی هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە، نەداوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، بەشێکی زۆر لە دارستان و لێڕەوارەکانی گوندەکانی \"مەلا شێخ، شینوێ و بێزێلی\"، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.