زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی شارەکانی پارێزگای سنە لە گەرەکە هەژارنشینەکانن

15:39 - 6 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە سەدا ٥١ حەشیمەتی شارەکانی پارێزگای سنە بە هۆی پێکهاتەی نەشیاوی شارەکان بە تایبەتی پێکهاتەی پەرتووکاوی بیناکان لە شوێنی نیشتەجێبوونە نافەرمییەکان و پێکهاتە مێژوویی و کۆنەکاندا دەژین.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە نێوان شارەکانی پارێزگای سنەدا ٥٨.٦ لە سەدی حەشیمەتی شاری سەقز،٥٨.٢ % حەشیمەتی شاری بانە و ٥٦.٩%ی حەشیمەتی شاری کامیاران لە شوێنی نەشیاو بۆ ژیان کردن، دەژین.

پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی گشتی ڕێگا و شارسازی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: لە کۆی ١٢هەزار و ٦٧٢ هێکتار ڕووبەری شارەکانی پارێزگای سنە، سێ هەزار و ٢٦٢هێکتار پێکهاتەی ناکارمەیان هەیە.

بە وتەی شارام مەلەکی، شارەکانی بانە ٤٦.٤% و شاری سنە ٤٦.١% لە بارودۆخی نالەباریان بۆ ژیان هەیە.

مەلەکی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، نرخی باڵای کۆچ لە پارێزگای سنە بە هۆی ئاستی باڵای هاتنی کۆچبەران و ئاستی خوارەوەی کۆچ وەرگرەکان لە گرینگترین \"قەیران\"ەکانی حەشیمەتی پارێزگای سنە وەکوو پارێزگای سنووری بەئەژمار دێت.

بەرێوەبەری گشتی ڕێگا و شارسازی ئەم پارێزگا، هۆکاری زۆربوونی بەربڵاوی شوێنی نیشتەجێبووەکان، نایەکسانی شوێن، نەبوونی هاوکێشە لە شارەکان، نەبوونی دادپەروەریی قەزایان لە پێکهاتەی فەزای شار ڕاگەیاند.

بە وتەی ناوبراو، ڕووبەری شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمی لە شاری سنە ٥٦٨هێکتار بەرانبەر بە ١١.٨ لە سەدا ڕووبەری گشتی شاری بۆ خۆی تەرخان کردووە و ئەو ڕووبەرە ١٧ گەرەکی حاجی ئاوا، فەرەجە، غەفوور، شوهەدا، پیرمحەممەد، بەهارمەست گوڵشەن... هەتا دوایی دەگرێتەوە کە لە ناوچە پەراوێز خراوەکان ٤٥ هەزار و ٤٩٦ بنەماڵە کە ڕێژەکەیان دەگاتە ١٦٨هەزار و ٣٣٦ کەس نیشتەجێن.

مەلەکی بە ئاماژە کردن بە شوێنی نیشتەجێ بوونی هەژار نشینەکان لە شاری سەقز ڕایگەیاند: لە ٣٠٠ هێکتار بەرانبەر بە ١٨% لە گەرەکەکانی، نەشمیلان، تازاوا، سەرچنار و تەپی ماڵان و چەند شوێنێکی دیکەی شاری سەقز نیشتەجێن، کە ئەو شوێنانە سێ هەزار و ٥٧٥ بنەماڵەی بە حەشیمەتی ١٤ هەزار و ٩٤ کەس لەخۆیدا حەواندۆتەوە.

بەرێوەبەری ئیدارەی ڕێگا و شارسازی هەروەها بە ئاماژە کردن بە چەند شاری دیکەی وەک مەریوان ، بیجار ، قورووە ، کامیاران و دێولان باسی لە قەیرانی شوێنی نیشتەجێ بوون لەم پارێزگایە کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، عەباس حەسەن خانی لە کۆبوونەوەی شوورای شاری ورمێ ڕایگەیاندبوو، ٦٠٠هەزار کەس هاووڵاتیی پەراوێزنشین لە شارەکانی ورمێ، میاندووئاو، بۆکان و مەهاباد و خۆی بوونیان هەیە.