زیاتر لە ٥ مانگه چارەنووسی کچێکی کورد ناڕوونە

22:02 - 12 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی کچە هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری کرماشان، دوای زیاتر لە ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی هێشتا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"میترا عەلیزادە\"، کچە هاووڵاتییە کورد خەڵکی شاری کرماشان، کە ڕۆژی ٨ی بەفرانبار لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە، پاش پێنج مانگ و ٤ ڕۆژ چارەنووسی ناڕوونە.

میترا عەلیزادە، لە کاتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئەو کچە هاووڵاتییە کوردە لە گۆڕەپانی \"ئازادی\"ـی شاری کرماشان دەسبەسەر کراوە.

دەوترێ، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی عەلیزادە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان هەتا ئێستا بێ‌ئاکام بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک خۆدەبوێرن.

لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام لە مانگی بەفرانبار ، لە ئێران و کوردستان سەرەڕای سەرکوتی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە مانگی بەفرانباری ساڵی (٩٦) بە سەدان هاووڵاتیی دەسبەسەر کران.