زیاتر لە ١ لەسەر ٣ی خەڵکی ئێران خانووبەری باشیان نیە

14:50 - 8 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی ئێران بە هۆی کێشە خانووبەره، نزیکەی ١میلیۆن ٥٠٠ هەزار کەس لە بنەماڵەکان لە ئێران تەنیا ژوورێکیان هەیە و ژیانی تێدا بە سەر دەبەن.

هەواڵدەریی \"مێهر\" لە زاری وەزیری ڕێگا و شارسازی بڵاوی کردەوە، نزیکەی ١٩ میلیۆن له خەڵکی ئێران خانووبەرەی شیاویان نیە و لە سەدا ٣٥%ی حەشیمەتی شارەکان لە بارودۆخی نالەباری خانووبەرەدا دەژین.

عەباس ئاخوندی بە ئاماژە کردن بەو ١٩ میلیۆن کەسە ڕایگەیاند: ١١ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی شارەکان لە دەرەوەی شارەکان و هەشت میلیۆن کەس لە پێکهاتە ناشیاو و کۆنەکاندا ژیان دەکەن، بەو واتایە ١ لە سەر سێی حەشیمەتی شار لە خانووبەری نەشیاو ژیان بە سەر دەبەن.

بەپێی ئەو ئامارەی کە ئاخوندی باسی لێکردووە، ٨٠%ی کۆمەڵگای ئێران شارەکان پێکی دێنن و زیاتر لە ٥٠%ی حەشیمەتی شارەکان لە ١٠ شاردا نیشتەجێن.

وەزیری ڕێگا و شارسازی هەروەها دەڵێت: هەتا ساڵی ١٤٠٥ ئێران پێویستی بە ١٢ میلیۆن یەکەی خانووبەری نیشتەجێ بوون هەیە کە نێونجیی داواکاریی هەر ساڵ بە یەک میلیۆن یەکەی نیشتەجێبوون دەگات و لەو ڕێژەیەش ٢٠٠ هەزار یەکە لە گوندەکان و ٨٠٠ هەزار لە شارەکان دەبێت.

ئەر وەزیرە حکوومەتییە هەرتوەها دەڵێت: بەشی نیشتەجێ‌بوون بە شێوەی بەربڵاو لە بیاڤی سیاسەت گرێ خواردەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە بەشێکی زۆر لە بیرمەندان و ئەندێشمەندان لە بیاڤی نیشتەجێبوون لە دەست بدەین و نەتوانین لە ئیمکانات و تواناییەکانی ئەوان کەڵک وەربگرین.

لە حاڵی حازر، یەکێک لە گرینگترین کێشە و گرفتەکان کە هەتا ئێستا بەرۆکی کۆمەڵگای شارەکانی ئێرانی گرتووە و هەڕەشەیان لێ دەکات، کێشە نیشتەجێ‌بوونی نافەرمییە.

نیشتەجێی بوونی نافەرمیی، ڕێگایەک بۆ حەوانەی هەژار و دەستکورتەکان لە کاتێکدایە کە یاری و بازاڕی فەرمیی ڕێگا بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە خانووی نیشتەجێ بوونی یاسایی یان نیشتەجێ‌بوونی خاوەن\"پروانە\"، بەڵگەکان و سەندە فەرمییەکان دەگرێت.