ئاژانسی کوردپا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز،لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شاره ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز، لە ڕێوڕەسمی ناساندن و لابردنی جێگری نوێی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: "ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و بە دەستێوەردانی موحسێن بیگلەری، نوێنەری مەجلیس، محەممەد بروومەند کە تەنیا بەڕێوەبەری لێهاتووی پەروەردە و بارهێنان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ بووە، یەک شەوە لە سەر کارەکەی لابرا".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "لابردنی محەممەد بروومەند لە کاتێک دایە، کە هیچ خاڵێکی لاوازی لە کارنامەی ناوبراو تۆمار نەکراوە و سەر بە هیچ گرووپ و لایەنێکی سیاسی نەبووە".

ناڕەزایەتیی فەرهەنگیانی سەقز، بە کۆبوونەوە لە حەوشەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە بەشداریی نزیک بە ١٠٠ کەس لە فەرهەنگیانی ئەو شارە بەڕێوە چووە.

فەرهەنگیانی ناڕازی، لابردنی لەناکاوی بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانیان بە "بێحورمەتی بە توێژی فەرهەنگیانی سەقز" لە قەڵەم دا.

لەو ڕێوڕەسمەدا محەممەد بروومەند لە سەر کار لابراوە و ڕەحمان سەیدیان وەکوو سەرپەرەستی ئەو ئیدارە دانراوە.

ناڕەزایەتیی مامۆستایانی سەقز،لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان