زیاتر لە ٩٠٠ حاڵەتی تەڵاق لە شاری بۆکان تۆمار کراوە

21:17 - 12 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دادگوستەریی شاری بۆکان باسی لە ٩٣٦ حاڵەتی تەڵاق لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لەو شارە کردووە.

عەلیڕەزا نەورۆزی ڕایگەیاند: لە ساڵی ٩٦، ٢ هەزار و ٨٤٨ پرۆسەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە شاری بۆکان تۆمار کراوە و لەو ڕێژەیەش ٩٣٦ حاڵەتی تەڵاق ڕووی داوە.

نەورۆزی، سەرەکییترین هۆکاری لێکجیابوونەوەکانی لە شاری بۆکان بۆ کێشەی ئەخلاقی و کاریگەری دونیای مەجازی گەڕاندەوە.

ناوبراو هەروەها، ژمارەی لقەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی شاری بۆکانی بە ١١ لق ناوبرد و ڕایگەیاند: لقێکی سەربەخۆی یەکەی بەڕێوەبەری سزای مەدەنیی لە لقەکانی ئیعلامی، دوو لقی تایبەت بە ئاشتی و پێکەوەسازان و ٨ لقیش بۆ دەرکردنی حوکم تەرخان کراوە.

بەرپرسی دادگوستەریی شاری بۆکان ئاماژەی لەوە کردووه کە ٦٥ لەسەدی دۆسیەکان پێش لە شۆرای چارەسەریی کێشەکان چارەسەر کراون و لەو پێوەندییەدا، ڕایگەیاند: ٣ هەزار و ٥٠٠ حاڵەت لەو دۆسیەیانە بە ئاشتبوونەوە و پێکەوەسازان کۆتایی پێهاتووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئاماری ڕووداوی هاتوچۆکان لەو شارە کرد و ڕایگەیاند: ٣٥٠٠ حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لەو شارە ڕووی داوە، کە لەو ڕێژەیە ٥٢ حاڵەتی گیان لە دەستدانی لێکەوتووەتەوە و ٦٢٠ حاڵەت بریندار و ئەوانی دیکە تەنیا زیانیان بەرکەوتووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بە زیندانیکردنی هاووڵاتییان لە ساڵی رابردوودا کرد کە ١٢٠٠ کەس زیندانی کراون گوتی: لە ئێستادا زیاتر لە ٥٥٠ زیندانی لە زیندانی ئەو شارەدا بوونیان هەیە.