زۆهرە دوستی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی یەک ساڵ زیندانییەکەی، ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و پەروەردەی سنە کرا

11:25 - 8 پووشپەڕ 2722

زۆهرە دوستی هاووڵاتیی خەڵکی سنە بۆ جێبەجێیکردنی ساڵێک زیندانییەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی سنە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "دەسبەسەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی زۆهرە دوستی پەیوەندیی بە حوکمی هەڵسپێردرای پێشووی ناوبراوەوە هەبووە کە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ دووهەمین جار جێبەجێ کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "زۆهرە دوستی پێشتر ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە و کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩، بە وەرگرتنی ئەماننامە لە ڕێگای سنووری بانە گەڕابووەوە ئێران، بەڵام پاش دەسبەسەری بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو حیزبە بە ساڵێک زیندانی هەڵسپێردراو، مەحکووم کرابوو".

زۆهرە دوستی پاش ماوەیەک دەبێتە ئەندامی "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" و دواتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، بە وەرگرتنی ئەماننامە دووبارە گەڕایەوە ئێران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "حوکمی هەڵسپێردراوی پێشووی زۆهرە لەگەڵ ئەم حوکمەی دەگۆڕدرێت بۆ حوکمی تەعزیری و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و پەروەردەی سنە دەکرێت".

زۆهرە دوستی پاش دەسبەسەری لە ساڵی ٨٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.