زۆربەی گیراوانی ئەم دواییانەی کوردستان، تۆمەتی \"سیاسی\"یان دراوەتە پاڵ

14:48 - 16 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ئیتلاعاتی – ئەمنیەتیدا، ڕۆڵێکی سەرەکی لە گرتنی هاووڵاتییانی کورد دەگێڕێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زۆربەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە کوردستان، بەتۆمەتی \"سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە گیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: لە ماوەی ڕابردوودا کە بەدواداچوونمان بۆ پەروەندەی هاووڵاتییانی کوردی دەسبەسەرکراو کردووە، ڕوون بۆتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی گیراون، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە: تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم کەسانەش ئەندامەتیی و هاوکاری کردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن، بووە کە حیفازەت ئیتلاعاتی سپا دەورێکی سەرەکی تێدا گێڕاوە.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، دادگاکانی ئینقلاب لە کوردستان، بۆ دەرکردنی حوکم بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، کەڵک لە ڕاپۆرتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان وەردەگرن و ئەم کەسانە، لە دادگایی کردنی چەند خولەکیدا بە زیندانی درێژماوە یان تەنانەت ئێعدام مەحکوم دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵەکان، دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی حکومەت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گوشارێکی زۆریان بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران هێناوە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، کەسوکاری ئەم چالاکە سیاسییانەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێدەکەن.