زۆربەی زەوی و باخاتی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی "لەگزی" دەچنە ژێر ئاو

15:38 - 10 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بەرز کردنەوەی دیواری بەنداوی لەگزی، زۆربەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی ناوچەی سەقز لە دەورووبەری ئەو بەنداوە دەچنە ژێر ئاو.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی \"فەیزوڵڵابەگی\"ی سەر بە شاری سەقز سەرقاڵی بەرز کردنەوەی دیواری بەنداوی \"لەگزی\"یە بە شێوەیەک پاش تەواو بوونی ئەو کارە زۆربەی زەوی و باخاتی گوندەکانی دایە سڵێمان، ئایەنان، ساحێب، عەسراوا، تیزاوا، لەگزی، ئاڵکەڵوو، قەڵاکۆن، چاغلوو، قەڵاچوخە و داشڵووجە\" دەچنە ژێر ئاوی ئەو بەنداوە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەنداوی لەگزی کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی پێشوو دا ساز کراوە وئاوی ئەو بەنداوە بۆ شاری میاندواو کێشراوە و هەتا ئێستا هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە لە ئەگەری چوونە ژێر ئاوی زەوییەکانی ئەو گوندانە، رێژەی بێکاری لەو شارە پەرە دەستێنێت و رۆژ لە دوای رۆژ روو زیاد بوون دەکات.