زۆربەی زیندانییانی زیندانی ورمێ لە مورەخەسی بێبەرین

10:51 - 22 رەشەمه 2719

زۆربەی زیندانییانی زیندانی ورمێ بەهۆی ئەوەی کە توانای دابینکردنی بارمتەیان نییە، لە هاتنە مورەخەسی بێبەری کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، مورەخەسی تەنیا بەشێکی کەمی زیندانییان دەگرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییان بەهۆی ئەوەی کە توانای دابینکردنی بارمتەیان نییە، لە مافی مورەخەسی وەرگرتن بێبەرین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بە وتەی بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بەرپرسی دادگوستەریی پارێزگا و دۆزگەری گشتیی ئەو پارێزگایە لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەری، خوازیاری لێخۆشبوونی زۆرێک لە زیندانییانن بە جێگای مورەخەسی پێدان پێیان".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "هەتا ئێستا زیندانییانی سیاسی بە بیانووی جۆراوجۆر لە مورەخەسی پێدان پێیان، بێبەری کراون."

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بەرپرسی دەزگای دادوەری لە بەخشنامەیەکدا بە تەواوی ناوەندە دادوەرییەکانی ڕایگەیاندبوو کە هەتا ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩، بە دانانی بارمتە یان کەفالەت بە زیندانییانی مەحکووم بە زیندان مورەخەسی بدرێت، بەڵام ئەو بەخشنامەیە ئەو زیندانییە سیاسییانە ناگرێتەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵ زیندانییان هەیە.