زۆربەی دەسبەسەرکراوەکانی مەریوان، بۆ ئیتلاعاتی سپا لە سنە ڕاگوێزراون
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران، زۆربەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی مەریوانیان بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە، گواستووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییانی کوردستان بەهۆی گرانیی بێنزین و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەریوان، هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە، ڕاگوێزراون.
سەرچاوەی هەواڵی ئاژانسی کوردپا لە مەریوان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان بە هێرش کردنە سەر ماڵیان، لەلایەن هێزە خۆسەرەکانی سپای پاسداران و بەسیج و مەئموورانی ئیتلاعاتی، دەسبەسەر کراون".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە مەریوان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵانە سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکانیان خۆیان دەبوێرن و تەنانەت هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەکانیان کردووە.
ژمارەی کوژراو و بریندارەکان هەتا ئێستا ڕوون نییە و زۆرێک لە هاووڵاتییانی بریندار لە ماڵەکاندا دەوا و دەرمان دەکرێن و لە ترسی دەسبەسەرکرانیان ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان نەکراون.
پێشتر ئاژانسی کورد لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکان لە مەریوان، ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزراون.