زۆربوونی دەستبەسەرکراوانی ئەمنیەتی لە ئەهواز

14:25 - 30 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسی عەرەب لە شاری ئەهواز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش کۆبوونەوە نارەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی عەرەبی خەڵکی ئەهواز لە هەمبەر \"هەڵاواردن لە دامەزراندان و دامەزراندنی ناخۆجێیی، دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی کشت و کاڵی جووتیاران لە گوندی جەلیزی دێهلوڕان و گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کارون و وشکبوونی تاڵاوەکان و ڕووبارەکان\" ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسی عەرەب، خەڵکی شاری ئەهواز لەلایەن قەرارگای ئەمنیەتی ئەبولفەزڵی عەباس سەر بە سپای پاسداران دەستبەسەر کران.

چالاکانی عەرەبی ئەهوازی بە پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی هێندێک لە دەستبەسەرکراوەکانیان بەم چەشنە ڕاگەیاندووە:
حەسەن بەترانی، یوونس سەراخی تەمەن ٢٤ ساڵ، وەلید سواری تەمەن ٢٤ ساڵ، محەممەد عوبیداوی کوڕی زەهراوە، عیسا زایەری، عەبدوڵڵا کەریمی چڵداوی، جەعفەر کەریمی چڵداوی، ساڵح تاموڵی تەرەفی تەمەن ٣٦ ساڵ و دانیشتووی کۆی عەبدوڵڵا ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆیی ئەهوازی، دەیان چالاکی عەرەب پاش بانگهێشت کردن بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هەڕەشە و بەڵێن لێوەرگرتن بۆ بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، ئازاد کراون.