زۆرانبازێكی کرماشانی توانی میداڵیایەکی جیهانی بەدەست بهێنێت

21:12 - 20 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: زۆرانبازێکی لاوی کرماشانی لە کێبڕکێی لاوانی جیهان لە یونان توانی پلەی سێیەم بە دەست بهێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مەیسەم زارع\" زۆرانبازی لاوی کرماشانی لە کێشی ٧٦ کیلۆدا توانی بچێتە یاری پێش کۆتایی و پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت.

ڤستیڤاڵی زۆرانی تازەلاوانی جیهان لەڕێکەوتی ١٣ هەتا ١٥ ی خەرمانان بۆ زۆرانی فەرەنگی و ١٧ تا ١٩ی خەرمانان بۆ زۆرانی ئازاد لە وڵاتی یونان بەڕێوە چوو.

موجتەبا جوهەری بەرپرسی پێشووی وەرزش و لاوانی کرماشان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی \"هەمشەهری\" وتوویەتی: وەرزشکارانی کرماشانی تەنیا لە ساڵی ١٣٩٤دا ١٤٢١ میداڵیایان بە دەست هێناوە کە تێكڕای میدالیا بەدەست هێنراوەکان بەمشێوەیەن: ٥٣ میدالیای جیهانی،٢٨ میدالیای ئاسیایی، ٧٧ میدالیای نێونەتەوەیی و ١٢٦٧ میدالیاش لە کێبڕکێکانی ناوخۆی وڵات.

نەبوونی پشتیوانی و پشت گوێخستنی بارودۆخی وەرزشی لە شارە کوردنشینەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و نەبوونی ژێرخانی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی ئەم شارانە بووەتە هۆی لەناوچوونی تواناییەکانی وەرزشوانان.

جەلال عەزیزی جێگری تەربیەت بەدەنی ئیدارەی وەرزش و لاوانی کرماشان، لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی یەک شەممە ٢٢ ی گەلاوێژی ١٣٩٦ باسی لەوەکرد کە سەرانەی وەرزشی لە پارێزگای کرماشان ٩٨لە سەدی میتری چوارگۆشەیە لە کاتێکدا ئیستانداردی جیهانی ٣ میتری چوارگۆشەیە.

شارەکانی کوردستان کە لەگەڵ هەژاری و بێکاری ڕووبەڕوون و لەگەڵ هەموو ئەو کەموکوڕیانە توانیویانە بە شێوەیەکی بەرچاو میدالیای نێونەتەوەیی و شانازی جیهانی بەدەست بهێنن. دابینکردنی کەل و پەل، پێداویستی و ژێرخان لە پێویستییە گرینگەکانن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی. نەبوونی ساڵۆنی وەرزشی و کەل و پەلی پێویست ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە هۆی لەناوچوونی پۆتانسییەلە وەرزشییەکانی کرماشان.

سەلیمی بەرپرسی هەیئەتی تۆپی دەستی پارێزگای کرماشانیش ناڕەزایەتی خۆی لەم بارەوە دەربڕیوەو وتوویەتی : هیچ مەیلێک بۆ باشتر کردنی بارودۆخی وەرزشی پارێزگای کرماشان بوونی نییە.