زۆرانبازێكی كورد، میدالی برۆنزی ئولەمپیكی بە دەست هێنا

16:26 - 26 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی كوردپا: زۆرانبازی كوردی تیمی ئازەربایجان، توانیی میدالی برۆنزی كێبڕكێی زۆرانبازیی فەرەنگیی ئۆلەمپیكی ٢٠١٦ی ڕیۆدۆژانیرۆ بۆ خۆی دەستبەر بكات.

بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، سەباح شەریعەتی، زۆرانبازی سنەیی و نوێنەری كێشی ١٢٠ كیلۆی تیمی زۆرانبازیی فەرەنگیی كۆماری ئازەربایجان، پلەی سێهەم و میدالی برۆنزی ئۆلەمپیكی لە شاری ڕیۆدۆژانیرۆی وڵاتی برێزیل بە دەست هێنا.

شەریعەتی لە دوایین هەوڵی خۆیدا بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێهەم و میدالی برۆنز توانیی سەركەوتن بە سەر زۆرانبازێكی ئاڵمانیدا بە دەست بهێنێت. خاڵی جێگای سەرنج لەو پێوەندییەدا ئەوە بوو كە \"پاپ\" زۆرانبازی ئاڵمانی، پێشتر بۆ گەیشتن بەم قۆناغە توانیبووی بە سەر \"بەشیر باباجانزادە\" نوێنەری تیمی ئێراندا سەر بكەوێت.

سەباح شەریعەتی خەڵكی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لەگەڵ كۆمەڵێك لە پاڵەوانانی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەك سامان تەهماسبی، قارەمانی بەناوبانگی جیهان و ئولەمپیك، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە كەمبوونی پێداویستییە وەرزشییەكان لە كوردستان، كەمەتەرخەمیی بەرپرسانی حكوومەتی و هەڵاواردن دژ بە وەرزشوانانی كورد لە ئێراندا، ماوەی چەند ساڵێكە بە ناوی كۆماری ئازەربایجانەوە لە كێبڕكێ نێونەتەوەییەكانی زۆرانبازیدا دەردەكەون.

ناوبراو لە كێبڕكێكانی ئولەمپیكی ٢٠١٦دا بە زاڵبوون بە سەر ڕكابەرە جیهانییەكانی خۆیدا و بە بەشداربوونی پاڵەوانانی ناسراوی وەك لۆپێزی كووبایی و ڕەزا كایالپی تورك، میدالی برۆنزی بۆ خۆی دەستەبەر كرد.

ئەركی ڕاهێنەرایەتیی تیمی زۆرانبازیی فەرەنگیی كۆماری ئازەربایجان لە ئولەمپیكی ئەمساڵیشدا وەك چەند ساڵی ڕابردوو لە ئەستۆی جەمشید خیرئابادی، ڕاهێنەری بەناوبانگی كوردی خەڵكی شاری سنە بوو.