زنجیرە چیای زاگرۆس دەبێتە خۆلەمێش

15:47 - 21 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوای سێ رۆژ لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا، دوێنی سێ شەممە ئەم ئاگرە کونتڕۆڵ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بەشێکی بەربڵاوی دارستانەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس لە بەشی ئۆستانەکانی کوردستان و کرماشان لە ئاگردا سووتان و لە ناوچوون.
ئەو ئاگرەیە داوێنی لێڕەوارەکانی مەریوان و سەوڵاواشی گرتەوە.

هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە دارستانەکانی زاگرۆس بە \"ئەنقەست\" ناو دەبن.

کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەو ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان بووە.

هەر لە درێژی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، رۆژی سێ شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، زیاتر لە ٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی کێوی \"پەڕئاو\" سەر بە شاری کرماشان لە ئاگردا سووتان.

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی پەڕئاو دوای سێ رۆژ کونتڕۆڵ کرا کە خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە و بەپیی شارەزایی کارناسان زیاتر لە ١٠ میلیارد خەساری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی هیچ هەڵوێستێکیان بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوە لە خۆیان نیشان نەداوە و کە هەر رۆژ بەشێک لە چیای زاگرۆس دەبێتە خوڵەمێش.