زمانی کوردی لە قوتابیان قەدەغە کرا + بەڵـــگە

14:57 - 19 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان لە بەخشنامەیەکدا، ئاخاوتن بە زمانی کوردی لە سەرجەم قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندنی ئەو پاریزگایەی قەدەغە راگەیاند.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شه‌ممه رێکەوتی ٩ی بەفرانبار ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە بەخشنامەیەکدا هۆشداری بە سەرجەم مامۆستای قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە داوە کە لە کاتی وانە وتنەوەدا بە زمانی فارسی قسە بکەن و بە هێچ شێوەیەک زمان و زاراوە کوردییەکان بەکار نەهێنن.

بەپێێ ئەو بەخشنامەیە کە نوسخەیەکی لەلایەن هەواڵنێرمانەوە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، بەمەبەستی پەرە گرتنی زمانی فارسی و برەودان بە چەمک و دەستەواژەی زمانی فارسی لە ناوچە کوردنشینەکان، سەرجەم مامۆستای قوتابخانەکان ئەرکدار کراون که لە ئاخاوتن بە هەر زمان و زارەاوەیک جیا لە زمانی فارسی خۆ ببوێرن.

ئەوە لە کاتێک دایە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردۆتەوە کە لە ناوچە ئێتنیکیه‌کانی ئێران وەک کوردستان، پێویستە قوتابیان بە زمانی زگماکی خۆیان لە پەنا زمانی فارسیدا پەروەردە بکرێن.

\"10625.jpg\"