زمانناسێکی گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد

14:52 - 4 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆشنبیر و زمانناسی گەورەی کورد \"ئەمیر حەسەن‌ پوور\" لە وڵاتی کانادا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە زانست کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەر \"پرۆفسۆر ئەمیر حەسەن پوور\" لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە وڵاتی کانادا کۆچی دوایی کرد.

ئەمیر حەسەن پوور یەکێک لە نووسەر و تێئۆریزانە ناسراوەکانی کورد لە بواری زمانناسی، مەدەنیەت و ناسیۆنالیزم بوو و وەک چەپێکی نەتەوەیی بڕوای وابوو دەبێ ناسیۆنالیزمی کوردی بە دیدێکی ڕەخنەییەوە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی خۆیدا بکات.

حەسەن پوور یەکێکە لە تێئۆری داڕێژەرە هەرە دیارەکانی زمانناسی کە چەندان تێز و نامە و توێژینەوەی لە سەر زمان و چەمکەکانی وەک نەتەوە و دێموکراسی و مەدەنیەت و ژینۆساید نووسیوە.

ئەو زمانناسە گەورەیە ساڵی ١٣٢٢ له شاری مەهاباد لەدایک بووە و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بڕوانامەی لیسانسی لە زمانی ئینگلیزی لە تاران وەرگرتووە و لە ساڵەکانی نیوان ١٣٤٧ بۆ ١٣٥١هەردوو تێزی کارناسی باڵا و دکتۆرای لە سەر زمانناسی لە زانکۆی تاران پێشکەش کردووە.

ناوبراو هەر لەو ساڵەدا لە لقی پێوەندییەکانی زانکۆی ئیلینیۆ دەستی بە خوێندن کردووە و لە ساڵی ١٣٦٨ لە لقی زمانناسی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوچەرخی کانادا لەژێر ناونیشانی \"هۆکاری زمان لە گەشەکردنی نەتەوەدا – ستاندارد کردنی زمانی کوردی ١٩١٨-١٩٨٢\" دکتۆرایەکی‌ تری وەرگرت.

لە ساڵی ١٣٦٥ بەملاوە لە زانکۆکانی وێندسۆر، کۆنکۆردیا، تۆرێنتۆ، مامۆستای وانەبێژ بووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر جۆرەکانی ڕەخنە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناسیۆنالیزم و ژینۆساید بڵاو کردووەتەوە، هاوکات چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی لە سەر ئاشتی، مافەکانی مرۆڤ و ستانداردکردنی زمان نووسیوە و ئەندامی کۆمەڵەی ئاشتی نێودەوڵەتی بووە.