زبڵەکانی مەریوان به شێوازێکی ناتەندروست دەکرێنە ژێر خاکەوە

15:37 - 9 بەفرانبار 2718
ئاژانس کوردپا: زبڵەکانی مەریوان، پاش دوو ساڵ ناڕەزایەتیدەربڕین و وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسان، به شێوازێکی ناتەندرووست و لەسەر ڕێگاکانی مەریوان ـ سەقزدا، دەکرێنە ژێر خاکەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسان، بۆ سازکردنی کارخانەی ڤەدیتنەوەی زبڵ بەبێ پیسکردنی ژینگە، زبڵەکانی مەریوان به شێوازێکی ناتەندروست و لە خراپترین دۆخدا، لە نێو دەبردرێن.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، کێشەی زبڵەکانی مەریوان لە گرنگترین بابەتەکانە، کە باسی لەسەر کراوە، تا جێگایەک که ناڕەزایەتی، دەستێوەردانی هێزە دژه شۆڕشەکان، دەسبەسەرکرانی چالاکانی ژینگەپارێزی و هەروەها هاووڵاتییانی بەدواوە بوو.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ناوەندە پێوەندیدارەکان له پارێزگاری و نوێنەرانی مەجلیسەوە بگرە هەتا شۆرای گوندەکان، لە کۆبوونەوەدا باسیان لەسەر بابەتە کردووە، که ئاکامی ئەم دانیشتنانەش جگه لە بەلێنی درۆ، هیچی تر نەبووە، لەم وادە و بەڵێنانەش دەتوانرێت ئاماژه به دامەزراندنی کارخانەی ڤەدیتنەوەی زبڵەکان بەبێ پیسکردنی ژینگە بکرێت.

ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پاش وادە و بەڵێنە درۆییەکان، ئێستاکەش زبڵەکانی مەریوان به شێوازێکی ناتەندروست و لە خراپترین دۆخدا لەسەر ڕێگای مەریوان ـ سەقز دەکرێتە ژێر خاکەوە و هیچ کام لەو کەسانەی کە وادەی چاکسازیان دەدا هیچ گۆڕانێکیان لێ نەبینرا.

مەودای شوێنی بە ژێرەوەکردنی زبڵەکانی مەریوان لە ڕێگای سەرەکیی مەریوان ـ سەقز ، ٢٠٠ متر و لە ڕووباری \"گردەڵانـ\"ـەوە ٣٠٠ متر دەبێت.

خەرمانانی ئەمساڵ، هاووڵاتییانی شاری مەریوان، لە ناڕەزایەتی به کۆنەکردنەوەی زبڵەکانی شار لە لایەن شارەدارییەوە، بە کۆکردنەوەی زبڵەکان لە بەردەم شارەداریی ئەم شارە و ئاگردانی زبڵەکان، ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر دۆخەکە دەربڕیوە.