زاهیر پەس و پیش بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:18 - 19 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)"، خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی زاهیر پەس و پیش، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە رۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوە، پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ٩٩، زاهیر پەس و پیش بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند و ڕەوانەی ئەو زیندانە کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٩٩، دادگای ئینقلابی پیرانشار، ئەو هاووڵاتییەی بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرد.

دادگا، ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری پەسەندکراوی ١٣٩٩، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

حوکمی زیندانیی ئەو هاووڵاتییە، بە (تسلیم بە رأی) بۆ ٤٥ ڕۆژ زیندان کەم کرابووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.