زاهیر سارایی: خوێنەرانی کتێبە کوردییەکان لە ئیلام، توێژی مامناوەندی کۆمەڵگەن

19:34 - 4 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کتێب و کتێب خوێندنەوە لە ناوچە وکردنشینەکانی ئێـران وەک یەکێک لە باسە جیددییەکانی بەستێنی پەروەردەو بارهێنانی هاووڵاتییان ئەژمار دەکرێت و ئەم پرسەش کاتێک گشتگیر دەێتەوە کە چەمکی \"پەرە گرتنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی\" ئاوێتەی یەکتر کرابێتن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ روونکردنەوەو ئاگاداربوون لە دۆخی کتێب خوێندنەوە و نووسینی کتێب لە ٤ ئوستانی کوردنشینی ئێران لەگەڵ چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگی دیمانەی تایبەتی پێک هێناوە کە لە بەشی کوردی و فارسیی ماڵپەڕی کوردپادا بلاو دەکرێتەوە.

یەکەم دیمانەی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ زاهیر سارایی، بەرپرسی دەزگای چاپی \"زانا\" لەشاری ئیلام:

کوردپا: گرینگی دان بە کتێب و زمانی کوردی لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە لە ئوستانی ئیلام چۆن دەبینن؟

\"15643.jpg\"
زاهیر سارایی: بە خٶشییەوە لە ئوستانی ئیلام و بەتایبەت لەشاری ئیلام، کە نزیک بە نیوەی حەشیمەتی ئەم ئوستانەی لە خۆ گرتووە، کتێب کوردی بە تایبەت شێعری کوردی رمێنی یەکجار باشی هەیە و کتێبە چاپ کراوەکانی بە زووترین کات دەفرۆشرێن و لە بازاڕەکاندا نامێنن. کە دەکرێ ئاماژە بە دیوانی غولامڕەزا ئەرکەوازی کە بۆ جاری چوارەم لە چاپ درایەوە، و هەروەها کتێبی \"بەیان دە ئاسوور\" بەرهەمی حیشمەتوڵلا مەنسووری، کتێبی \"شەلەم\" بەرهەمی \"دوکتور ئیرەج خالسی\"یە، کتێبی \"کەپوو\" بەرهەمی حبیبوڵا بەخشوودە، بکەم کە لە بازاڕەکاندا رمێنێکی باشیان هەبوو، و دواتریش لە چاپ درانەوە.

خوێنەری کتێبە کوردییەکان لە ئوستانی ئیلام بە گشتی لە چینی مام ناوەندی پێک دێن. خوێندکاران زیاتر گرینگی بە بابەتی زانستی و توێژینەوەی لەسەر زمانی کوردی ئەدەن و زیاتر لە رێگەی ئینترنێتەوە بەدوا ئەم شتانەدا دەگەڕێن، بەڵام خەڵکی نەخوێندەوار یان کەم سیوات و خەڵکی گوندەکان و بەگشتی زۆرینەی خەڵکی ئیلام لەرێگەی میدیاکانەوە بینەر و بیسەر بەرهەمە کوردییەکان دەبن.

هەروەها بکۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی و شێعری لەرێگەی بلوتوسی مۆبایلەکانەوە بە خێرایی لە نێو خەڵکدا بڵاو دەبنەوە، هێندێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی وەک \" ایلام امروز\" فایلی دەنگییەوە شێعر و گۆرانیی کوردی بڵاو دەکاتەوە و بۆشایی لە بەشی بڵاو کردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و شێعرییەکاند اپڕ کردۆتەوە.

کوردپا: ئێوە بەربەستەکانی بەردەم بڵاڤۆک و چاپەمەنییە کوردییەکان چۆن لێک ئەدەنەوە؟

زاهیر سارایی: لە رەهەندی یاساییەوە هیچ بەربەستێک بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمە نڤیسکارییەکان لە ئوستانی ئیلام لە ئارادا نیە و بەتایبەت کە ئەو بەرهەمە کتێب بێت، بەرهەمە کوردییەکانیش وەک زۆربەی بەرهەمەکانی دیک لە پاش تێۆەڕاندنی رەوتی تایبەتیی خۆی واتە وەرگرتنی مۆڵەتی وەزارەتی ئیرشاد چاپ و بلاو دەکرێنەوە و منیش کە بەرهەمی کوردی چاپ و بڵاو دەکەمەوە، هەتا ئێستا بەرەوڕووی هیچ ئاستەنگێک نەبوومەتەوە و بە ئاسانی مۆڵەتی چاپی کتێبەکانم وەرگرتووە، ئەگەر کێشەیەکیش هەیە لە شوێنێکی دیکەوەیە، بۆ نموونە شاعیران و نووسەرانی کورد لە باری مادییەوە توانای چاپی بەرهەمەکانی خۆیان نیە و پەخشانگەکانی ئیلامیش توانای سەرمایەدانانیان لەو بوارەدا نیە.

بە بڕوای من کێشەی سەرەکیی کتێب بە شێوەیەکی گشتی، بڵاو کردنەوەی کتێب لە ئوستانی ئێلام دایە، ناوەنبدەەکانی بلاو کردنەوە هەموو جۆرە کتێبێک بلاو ناکەنەوە یان لانیکەم لەگەڵ نووسەرەکان لە پەیوەندیدا نین، بۆیە ئەگەر وەشانگەیەکی ناوچەیی و خۆجێی هەبوایە، ئەم گرفتە کەمتر دەبوویەوە.

کتێب فرۆشیی ناوچە کوردنشینەکان و تەنانەت لە ئیلامێش، پاش ئەوەی کتێبێک لەلایەن خەڵکەوە بە باشی وەرگیرا، کتێبە کوردییەکان بە نەخت دەفرۆشن و دواتریش پارەی کتێبە فرۆشراوەکان بۆ نووسەرەکانیان ناگێڕنەوە، کەوابوو ئەگەر سیستەمێکی تۆکمە و وەڵامدەری هەبوایە، دەکرا زۆربەی بەرهەمە کوردییەکان لەو رێژەیەش زیاتر بکرێن.

هەموو کەس دەتوانێ لە پاڵ بەرهەمە فارسییەکاندا، بەرهەمی کوردیش بنووسێت و چاپەمەنیی ئیلام هیچ رێگرییەک لە کەس ناکات. وەک دەگوترێ مۆهڵەتی چەند بڵاڤۆکێکی دووزمانەش دەرچووە و بڕیارە چاپەمەنییە کوردی و فارسییەکان لە ئیلامدا دەست بە وەشان بکەنەوە. ئەوەی زیاتر لەم پەیوەندییەدا وەک بەربەست سەیر دەکری، دەستکورتیی خاوەن بڵاڤۆکەکانە کە ناتوانن لە رێگەی ریکلامەوە تێچووەکانیان دابین بکەن و بە ناچاری هەر لەو ئاستەدا دەمێننەوە.

نا ئاشنایی پیت‌چینەکان لەسەر زمانی کوردی و نەبوونی فۆنتی گونجاوی کوردی بۆ چاپ، بە کێشەکانی دیکەی ئەم بوارە ئەژمار دەکرێن، ئەو فۆنتە کوردییانەی کە لەبەر دەستدا هەن پیتی کوردیی پێویستیان تێدا نییە، بۆ نموونە زۆربەی کوردانی کرماشان و ئیلام پیتی \"ۊ\" بەکار دێنن کە ئەم پیتە بۆ خۆی کەڵکی تایبەتی هەیە و لە زۆربەی فۆنتە کوردییەکانیشدا بوونی نیە و ئەمەش گرفتێکی دیکەی نووسەران و پەخشانگاکانی ئیلام و کرماشانە و تەنانەت یەکێک لە چالاکانی ئەم بوارە پێشنیاری کردووە لە جێگەی پیتی \"ۊ\" لە پیتی \"ۆ\" کەڵک وەر بگرن، کە ئەمەش پێشنیارێکی بەجێ نیە، چونکە ئەم پیە لە زاراوەی سۆرانیدا و رەنگە لە کرمانجیی ژوورودا بۆ خۆی نیشانەی پیتێکی سەربەخۆیە و پێناسەیەکی جیاوازی هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی خوێندنەوەی هەڵە.

کوردپا: پەخشانی کوردی لە ناوچەی ئیلام زیاتر لە چ بوارێکدا خۆی دەبینێتەوە؟

\"15644.jpg\"
زاهیر سارایی: بە داخەوە پەخشانی کوردی لە ئیلام برەوێکی ئەوتۆی نیە و هاووڵاتییانی پێدەچێ ئۆگرییەکی ئەوتۆیان بە خوێندنەوەی پەخشانی کوردی نەبێت، لەبەر ئەوەی زۆربەیان لەگەڵ نووسینی کوردی کێشەیان هەیە و لەو پەیوەندییەدا هیچ خولێکی فێرکارییان نەدیوە و ئەرکیش بە خۆیان نادەن کە لانیکەم لە بواری پەیوەندییەکانی رۆژانەیاندا بە کوردی بئاخێون، بەڵام لە بواری دەقە ئەدەبییەکاندا بەتایبەت چیرۆکنووسیدا، لەم دواییانەدا چەند هەوڵێک دراوەو کۆمەڵێک لە خامە بەدەست و نووسەرانی لاو چەندین چێرۆکیان بەزمانی کوردی نووسیوە کە هەتا ئێستا چاپ و بلاو نەبوونەتەوە.

ئەگەر شێعرە بە پەخشان لە قەڵەم بدەین، دەتوانین بڵێین لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند کتێب بە شێوەی پەخشان ی کوردی چاپ و بڵاو بوونەتەوەو کە بە بڕوای من کاریگەری و شوێندانەرییەکی بەرچاویان لە پەخشان نووسیی ئەم ناوچەیەدا هەیە. چونکە ئەم شاعیرانە بیر و هزرێکی بەنرخیان لە قاڵبی پەخشاندا خستۆتەڕوو و جوانییەکی بەرچاویان لە زمانی کوردیدا دۆزیوەتەوە و خستوویانەتە بەردیدی ئۆگرانی هونەر و ئەدەبی کورد و هەتا رادەیەک توانییویانە بۆشاییەکانی زمانی کوردی پڕ بکەنەوە. من بۆخۆم شایەتی بۆوە ئەدەم کە لە پیشانگەی کتێب لە ئوستانی ئیلام، رێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی ئۆگرییان بە کتێبە کوردییەکان نیشان ئەدا.

کوردپا: ئیدارەی فەرهەنگ وئیرشادی ئیسلامیی ئوستانی ئیلام بە چ شێوەیەک لەگەڵ چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی دەجوڵێتەوە؟

زاهیر سارایی: هەر وەک پێشتر باسم کرد چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی کوردی لە ئوستانی ئیلام، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کتێبی فارسی نیە و ئەو رەوتەی کە کتێبی فارسی کە ئەشێ بۆ چاپ بیبڕێ، پێویستە کتێبی کوردیش بەو قۆناغانەدا تێپەڕێ. من بەرپرسی دەزگای چاپی \"زانا\"م و هەتا ئێستا کۆمەڵێک کتێبی کوردیم چاپ کردووە و لەرووی ئینسافەوە دەڵێم کە بەرەوڕووی هیچ ئاستەنگێک نەبوومەتەوە.

بەخۆشییەوە هیچ ناوەندێکی ئەمنیەتی با چاوی ئەمنیەتییەوە سەیری چاپی بەرهەم و کتێبە کوردییەکان ناکەن و تەنانەت زۆربە ناوەندە فەرهەنگییە حکوومەتییەکان پشتیوانی لە چاپ و بڵاو کردنوەی بەرهەمە کوردییەکان دەکەن و لێرەدا رۆڵی حەوزەی هونەریی ئوستانی ئیلام یەکجار بەرجەستەیە و هەتا ئێستا چەندین کتێبی بە زمانی کوردی یان لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی چاپ و بڵاو کردۆتەوە و تەنانەت شێعری شاعیرانی ئیلامیی لە ژێر ناوی \"هانا\" و لە قاڵبی \"سی‌دی\"دا بەرهەم هێناو بڵاوی کردەوە و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی کوردیی \"هانا\" لە حوزەی هونەریی ئیلام بەڕێوە دەچن. هەروەها ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادیش لەم بوارەدا چالاکی هەبووەو کۆمەڵێک فستیڤاڵ و سمیناری ئەدەبی بەرێوە بردووە.

کوردپا: کێشە وگرفتەکانی زمانی نووسین لە ئیلام بە سەرنجدان بە ئاخاوتن و زاراوەی جیاواز و گرینگیی ستانداردسازیی زمانی کوردی بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟

زاهیر سارایی: زاراوەکانی (فەیلی، کەلوڕی و لەکی) لە بواری شێعری کوردیدا بەباشی خۆیان دەرخستووە و شاعیرانی ئیلام و کرماشان و ناوچە لەک‌نشینەکانی ئوستانی لوڕستان کۆمەلێک توانای بەرچاویان لە خۆیان نیشان داوە کە ئاماژە بە توانستی زاراوەکانی زمانی کوردی لە ئیلام و کرماشان دەکات، بەڵام لە پەخشانی کوردیدا ئەم تواناییانە نەدۆزراونەتەوە و \"توانستی زمانی\" پەخشانی کوردی وەک زمانانناسان دەڵێن: \"زمانی کوردی لێرە حاڵەتێکی پەرچە کرداری بەخۆیەوە گرتووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک رۆژانە بە زمانی فارسی داخێون و بەکارهێنانی پەخشانی فارسی بۆیان ساناترە و بەتایبەت کە خەڵک هیچ ناسیاوییەکیان لەگەڵ رێزمان و رێنووسی کوردی نیە.

من لەسەر ئەو باوەڕەم کە زاراوەکانی زمانی کوردی لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام تواناییەکی یەکجار باشیان بۆ پەخشان نووسین هەیە و ئەگەر لەلایەن نووسەران، شاعیرانب و ئەدیبانەوە سەرنج و بایەخی پێ بدرێت، دەکرێ بەرهەمی بەنرخی پێ بخوڵقێندرێت. بۆ نموونە بە خۆ هەڵکێشان نەبێت من دەقی کتێبی \"ارداویرافنامە\"م بۆ زمانی کوردی وەرگێــڕا. هەرچەند ئەم کتێبە وەرگێردراوەتە سەر زمانی فارسیی ئێستا میراجنامەیەکە و بە زمانی پەهلەوی نووسراوە، بەڵام من لە دەقە پەهلەوەییەکەوە وەرمگێرایە سەر زمانی کوردی.

ئۆگرانی خوێندنوەی ئەم کتێبە دەتوانن لەسەر وێبلاگی ئیلام ئاسوور بە ناونیشانی:
www.ilamasu.blogfa.com سەردان بکەن و بیخوێننەوە و لەم بارەوە هەڵسەنگاندن و داوەری بکەن.

پەخشانی کوردی وەختایەک لە ئوستانی ئیلام پەرە دەگرێت کە سەرجەمی خەڵک لە رێنووسی کوردی شارەزا بن و بیانهەوێ کە لەزمان وەک کەرەسەیەکی شیاو کەڵک وەرگرن، نەوەک کەرەسەیەک بۆ خۆخڵافاندن سەیری بکەن.

یەکێکی دیکە لە بەربەستەکانی پەخشانی کوردی لە باشووری کوردستانی ئێران ئەوەیە کە هەتا ئێستا وەک زمانی پێوەر لەلایەن سەرجەمی خەڵکەکەوە وەرنەگیراوە، هەروەها ئەو قسانەی کە خەڵکی کۆڵان و بازاڕ پێی داخێون و رەنگی نووسین بەخۆیانەوە دەگرن لە سەرەتادا بەرەوڕووی ئەم کێشانە دەبنەوە، بەڵام بەپێی ئەزموون دەرکەوتووە کە سەرئەنجام زمانی پێوەر لە نێو ئەم پرش و بلاوییەی زمان دێتە دەر و بە بڕوای من زمانی هەنووکەیی و باو لە ئیلام دەتوانی ئەم پێوەرە لە خۆ بگرێت، چونکە ئەم شارە لە کۆمەڵێک هۆز و خێڵی جیاواز پێکهاتووە و کە زمانەکەیان رۆژانە لە شاری ئیلامدا پێی داخێون و هەرکامەیان چەمک و دەستەواژەی جیاوازەی نوێ دەخەنەڕوو کە لە ئەنجامدا زمانی پێوەر دروست دەبێ.

بەگشتی لەم دۆخەی ئێستای زماندا، نووسەران رۆلێکی تایبەرتییان هەیە و ئەگەر بیانهەوێ بەرهەمێک بڵاوبکنەوە، دەتوانن لەم رێگەیەوە هێڵیکی نووسینی تایبەت دیاری بکەن. هێندێک بەرهەم لە پەیوەندییەدا بڵاو بوونەتەوە کە دەکرێ ئاماژە بە \"خاتۊن شێعره‌يل عاشقانه‌ێ من و عیشقی ئەبەدی\"، بەرهەمی ئیرەج خالسی، بەشێک لە کتێبی \"کەپوو\" بەرهەمی حەبیبوڵڵا بەخشوودە، \"كووڵاێ ته‌نيائي\" بەرهەمی محەممەدرەزا رەشيدی، \"نادیارا\" بەرهەمی مستەفا بەیگی و کۆمەڵێک نووسەری دیکە بکەین.

پەخشان نووسانی ئیلامی ئەشێ بۆ گەیشتن بە زمانی پێوەر و ستاندارد لەگەڵ کوردی نووسانی کرماشانی و ناوچە فەیلی و کەلوڕنشینەکانی ئێراق هاوئاهەنگ بن و لە ئەزموونەکانی یەکتر کەڵک وەرگرن، هەروەها پێویستە ئەوانیش بەهەمان شێوە سەرنج بدەنە ئیلام، چونکە ئەگەر ئیلام ناوەندی زمان و ئەدەبی کوردی لە باشووری کوردستانی ئێران نەبێت، بەدڵنیاییەوە یەکێک لە جەمسەرەکانی ئەم بوارە بە ئەژمار دێت. هەروەها پێویستە چالاکانی ئەم بوارە دەست لە بەرچاوتەنگیی زمانی و ناوچەیی بێنن و بیر لە ستاندارد سازیی زمان بکەن کە هەموو کوردەکانی کرماشان و ئیلام و گەرووسەکانی بیجار و کوردە فەیلییەکانی ئێراق لە خۆ بگرێت.

ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە کە لەک بخەینە نێو بازنەی زمانی کوردییەوە و بە لقێکی سەربەخۆی زمانی کوردی پێناسە بکەین، خۆزگە کوردەکانی کرماشان، ئیلام، فەیلییەکانی ئێراق و گەڕووسەکانی بیجار بە \"کوردی گۆران\" ناودێر بکرایەن، هەتا بە ئەنجامێکی یەکدەست و تۆکمە بگەین. لایەنێکی دیکەی ئەرێنیی ئەم مەسەلە ئەوەیە کە پێشینەی مێژووی و زمانیی زمان و ئەدەبی \"گۆران\"یش وەک بەشێک لە میراتی زمانی و ئەدەبییەکەیان ئەژمار بکرێت. دەگەڕێمەوە سەر باسەکە و پێویستیی سەرجەکان بۆ هاوئاهەنگ کردنی هەولەکان بە مەبەستی پێوەر کردنی زمان دێنـمەوە گۆڕێ.

رەنگە کەسانێک ئەم رەخنەیە ئاراستەی ئێمە بکەنکە سەرەڕای هەبوونی زاراوەی پێوەر و شیاوی سۆرانی، چ پێویستە کە زاراوەی گۆران ستاندارد بکرێت.وەڵامی ئەم پرسیارە لێرەدا نادرێتەوە، بەڵام زۆر کورتە ئاماژەیەکی پێ دەکەم کە ئەەی ئێمە وەک \"کوردی\" دەیناسین، زمانێک نییە، بەڵکوو کۆمەڵە زاراوەیەکە کە سەرجەمیان لە ژێر چەتری زمانی کوردیدا پێناسە دەکرێن و هەمووشیان لە قاڵبێکدا ناگونجێن، بەڵکوو پێویستە بوار بە هەموویان بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکەن، بە مەرجێک ئەم بوارە پێدانە نەبێتە هۆی دووری و لێکترازانیان لە یەکتر. کەوابوو دەکرێ لە ئەزموونی بە نرخی زاراوەی سۆرانی بۆ بە پێوەر کردنی زاراوەکانی دیکە کەڵک وەرگرین. لێرەدا بیرمەندان و زمانناسان رپڵی سەرەکی دەبینن و هەڵبەت پێویستە ئەم کەسانە بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک لە پەیوەندیدا بن.

کوردپا: داهاتووی چالاکایی فەرهەنگی و ئەدەبی لە دەوڵەت و وەزیری نوێی فەرهەنگدا چۆن دەبینن؟

زاهیر سارایی: من ئاسۆی چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی لە دەوڵەتی نوێدا زۆر روون دەبینم و هەستێک لە ناخمەوە پێم دەڵێ کە ئەم دەوڵەتە و ئەم وەزیرە نوێیە دەتوانن زۆرێک لە دەرگا داخراوەکان، بکەنەوە.

\"15642.jpg\"
بیوگرافی:
زاهیر سارایی ساڵی ١٣٤٣ لەشاری ئیلام لە دایک بووە و بڕوانامەی کارناسیی باڵای زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی ئەهواز بەدەست هێناوە.

بەرهەم:
هەتا ئێستا بەرهەمەکانی کۆمەڵێ شێعری فارسیی (سڵاو لەهەموو شتە نوێێەکان ــ ٨١)، شاعیری لووتکە مژاوییەکان (تاوتوێ، وەرگێڕان و شێکردنەوە شێعرەکانی غوڵامڕەزا ئەرکەوازی – ٧٩) و میرکان ( کۆمەڵە ئەدەبیاتی زارەکیی خەڵکی ئیلام)ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

زاهیر سارایی مامسۆتای خانەنشین کراو و بەرپرسی دەزگای چاپی \"زانا\" لە شاری ئیلامە.

وەرگێـــڕان بۆ کوردی: ئاژانسی کوردپا