سەردەشت؛ بە دەسبەسەرکرانی ئاکۆ عەزیزی و ئەیووب ڕەشی، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە سێ ڕۆژدا گەیشتە ١٠ کەس

02:41 - 13 خەزەڵوەر 2725

۱۰ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی دوو هاووڵاتیی خەڵكی سەردەشت بە ناوەکانی "ئاکۆ عەزیزی" و "ئەیووب ڕەشی" لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شەوی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، "ئاکۆ عەزیزی" هاووڵاتیی خەڵکی شاری "ڕەبەت" لە شاری سەردەشت بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

هەروەها شەوی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، "ئەیووب ڕەشی" تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی "پاراستان" سەر بە سەردەشت، لە کاتی هاتوچۆ بە ماشین لە شاری سەردەشت، بە هێرشی هەشت ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە ورمێ ڕاگوێزرا.
سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە باسیان لە ڕاگواستنیان بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە سەبارەت بە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

هەروەها کەلوپەلە کەسییەکانیان بەتایبەت مۆبایلەکانیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە و هاوکات ماشینی ئەیووب ڕەشی لە کاتی دەسبەسەرکراندا دەستی بەسەردا گیراوە.

هتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێویستە بوترێ کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا واتە لە ٦ی خەزەڵوەرەوە هەتا ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لە شەپۆلێکی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکاندا، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕەحیم ڕەحمانی، ڕەئووف ڕەحمانی و وەهاب محەممەدپوور خەڵكی پیرانشار، کەیوان سەیدئەحمەدی، سیروان شاوەله و خزر ڕەسووڵ مروەت خەڵکی مەهاباد، زیلان کەمانگر خەڵکی کامێران، فەتاح یووسف‌پوور خەڵکی بۆکان و ئاکۆ عەزیزی و ئەیووب ڕەشی خەڵکی سەردەشت؛ ناوی ئەم دەسبەسەرکراوانەن.